|
وت و وێژ له گه‌ڵ دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر
سازدانی: لوقمانی حاجی که‌ریم
دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر: پاش ته‌واو بوونی هه‌ر چوار به‌رگی کتێبه‌که‌م،
ئه‌وسا هه‌ست ده‌که‌م ئه‌و قه‌رزه‌ی له‌سه‌ر شانمه به‌رامبه‌ر به
نه‌ته‌وه‌که‌م داومه‌ته‌وه! (به‌شی یه‌که‌م)
(سازدانی: لوقمانی حاجی که‌ریم)
ماوه‌یه‌ک
له‌مه‌و به‌ر کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر وه‌ک بنکه‌ی هونه‌ر و
که‌لتووریی کوردستان که به‌م دوواییه له به‌ریتانیا دامه‌زرا، له
ڕێگه‌ی (نه‌جات خان)ه‌وه سه‌ردانی مێژوونووسی کورد به‌ڕێز(دکتۆر
که‌مال مه‌زهه‌ر) مان کرد. (نه‌جات خان) خوشکی د. که‌ماله، من به‌ش
به‌حاڵی خۆم زۆر شادمان بووم له نزیکه‌وه دکتۆر که‌مال ببینم و
بیناسم،هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و زۆر به‌خێرایی له‌لایه‌ن
میوانه‌کانییه‌وه کۆمه‌ڵێ پرسیاری لێ‌کرا، ئه‌ویش به هێمنیی و له‌سه‌ر
ڕاهاتنی پێشینه‌ی خۆی یه‌که به یه‌که وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی
ده‌دانه‌وه، زۆر به ووردیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ قسه‌کانی
خۆیدا ده‌کرد، ئیتر منیش بووارم بۆ ڕه‌خسا و داوام لێکرد، ئه‌گه‌ر کاتی
هه‌بێت بتوانیم دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵدا ساز بده‌م، ئه‌ویش
به‌خۆشحاڵییه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دا و ڕۆژ و کاتمان دیاری کرد.
شایانی باسه هه‌ردوو هاوڕێم (کاک ئامانج کاملی شێوه‌کار) و (کاک
برایمی مه‌لازاده‌ی نووسه‌ر) له‌و چاوپێکه‌وتن و دیداره‌دا له‌گه‌ڵمدا
بوون.
من ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌م له‌به‌ر سێ هۆی جیاواز کرد، له خوێندنه‌وه‌ی
ته‌واوی گفتوگۆکانماندا،خوێنه‌ر ده‌توانێت هۆکاره‌کان بناسێته‌وه،
ئه‌ویش:
1- کۆمه‌ڵه ڕه‌خنه‌یه‌ک که له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه ئاراسته‌ی
کرابوو، منیش پاش لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون کردوومن به پرسیار.
2- بێجگه له‌وه‌ی که دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر مێژوونووسه، له هه‌مان
کاتدا مێژوویه‌کیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
3- ئه‌و چاوپێکه‌وتنه کاڵوکرچه‌ی، که ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، که به‌بێ
گوێدانه ڕاوبۆچوونه‌کانی د. که‌مال خۆی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات
به‌ئاره‌زووی خۆی ووشه‌کانی ڕیز کردووه.
پرسیار: هه‌ندێ سه‌رچاوه ده‌ست بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشن، که له
سه‌رده‌میی مه‌لیکی عێراقدا، عه‌ره‌ب هاتۆته ده‌شتی حه‌ویجه له
که‌رکوک، که‌چی ئه‌و هاتنه بوو به سه‌ره‌تای ته‌عریبی ئه‌و شاره،
ئه‌مه‌ش به‌ئاشکرا له سه‌رده‌می مه‌لیکی عێراقدا ده‌رکه‌وت. ئایا
ئه‌مه ڕاسته، له لایه‌کی تره‌وه به‌ڕێزتان له‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی
له‌مه‌ڕ خه‌باتددا که له‌گه‌ڵتاندا کراوه، ووتووتانه سه‌رده‌می
پادشایه‌تی ئه‌وه‌نده تووندڕه‌و نه‌بوون؟ که‌چی هاتنی عه‌ره‌ب بۆ
ده‌شتیی حه‌ویجه هه‌ر له سه‌رده‌میی پادشایه‌تیدا بوو؟
(تێبینیی
کوردستانپۆست: به هه‌ڵه ناوی شێخ مه‌حمود له‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌دا
هاتبوو، پرسیاره‌که ڕاست کرایه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا حه‌ویجه و
که‌رکووک به ده‌ست حکومه‌ت و مه‌لیکی عێراقه‌وه بووه، نه‌ک مه‌لیکی
کوردستان. پێشتر شێخ مه‌حمود مه‌لیکی کوردستان بووه، واتا ده‌سه‌ڵاتی
له ناوچه‌ی سلێمانییدا هه‌بووه، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا که عه‌ره‌ب
هاتوونه‌ته حه‌ویجه، شێخ مه‌حمود، ده‌سه‌ڵاتی وه‌ک مه‌لیکی کوردستان
نه‌مابوو، به‌ڵکو له خوارووی عێراق ده‌ست به‌سه‌ر بووه)
وه‌ڵام: قسه‌کانی تۆ ئاو زۆر ده‌کێشێ، پێویسته ئه‌م بابه‌ته له زۆر
لایه‌نی مێژووییه‌وه شیبکرێته‌وه و یه‌که به یه‌که‌ی ڕووداوه‌کان
شیبکرێته‌وه، تا بگه‌ینه ئه‌نجامێکی ڕاست و به‌سوود. من
به‌ته‌واوه‌تی ئاگاداریی ئه‌م ڕووداوه‌م و کتێبی که‌رکوکیشم له‌سه‌ر
ئه‌م بابه‌ته نووسیوه و بۆچوونی منیشی تێدایه که خوێنه‌ر ده‌توانێت
ئه‌وه به‌دی بکات، که بۆچوونم له چ ڕوویه‌که‌وه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی
که مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ جڵه‌وی عێراق بگرێته‌ده‌ست،یان به‌ر له‌وه‌ش که
مه‌لیک مه‌حموود ببێته مه‌لیکی کوردستان به سه‌دان ساڵ من باسی
ئه‌وه‌م کردووه له سه‌ر بنچینه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی باوه‌ڕپێکراو و قسه‌ی
گه‌شتیاره‌کان و ده‌یان نه‌خشه‌ی مێژوویی له شێوه‌ی ئه‌و نه‌خشانه‌ی
که تۆ بۆت هێنام (شایانی باسه من له‌لای خۆمه‌وه دوو نه‌خشه‌ی
مێژوویی سه‌باره‌ت به کوردستان وه‌ک دیاری پێشکه‌ش به د. که‌مال
کرد)، هه‌موو باس له‌وه ده‌که‌ن و ده‌یسه‌لمێنن، که هیچ هۆزێکی
عه‌ره‌بی له ناوچه‌ی که‌رکوکدا نه‌بووه، به‌ر له‌وه‌ش له دێر
زه‌مانه‌وه باپیرانی کورد له‌م دیووی ڕووباری دیجله‌وه ژیاون،
له‌به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و ڕووباره‌دا هه‌مووی کورد بوون، هه‌رچی
سامییه‌کانن له‌وبه‌ری ڕووباره‌که‌وه بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و
ڕووباره‌یان ناو ناوه خه‌تی جیاکردنه‌وه‌ی ئێمه یان خه‌تی پاراستنی
ئێمه، واتا سنووریان ئه‌وێ بووه له‌به‌ر ئه‌وه عه‌ره‌ب به‌هیچ
شێوه‌یه‌ک له‌م به‌ری ڕووباری دیجله‌وه نه‌بوون و نه‌ژیاون و ئه‌وێش
ووڵاتی کوردان بووه، ئیتر پاش ئه‌وه‌ی که ووڵاته‌که به‌ره‌و پێش
ده‌ڕوات و تێکه‌ڵی بازاڕی سه‌رمایه‌داریی ده‌بێت، هه‌ندێ له هۆزه
عه‌ره‌به‌کان به‌ره‌و کوردستان هاتوون، ئه‌وانه‌ش هاتنیان په‌یوه‌ندی
ته‌نها به له‌وه‌ڕگاوه هه‌بووه و هیچ هۆزێکی عه‌ره‌ب له‌و
جێگایانه‌دا نیشته‌جێ نه‌بوون، هیچ دۆکۆمۆنتێک له‌به‌رده‌ستدا نییه،
که باس له نیشته‌جێ بوونی پێش وه‌ختی ئه‌وانه بکات له‌م خاکه‌دا،
هه‌موویان بۆ له‌وه‌ڕگا هاتوون و پاشان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ته‌نها له
ناوه‌ندی سییه‌کاندا که پرۆژه‌ی حه‌ویجه درووست کرا، ئه‌ویش ده‌بوو
ئه‌و پرۆژه‌یه که درووست کرا دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر هۆزه
کوردییه‌کاندا، چونکه ئه‌وان زیاتر پێویستییان به‌و زه‌وی و زاره‌نه
هه‌بوو، تا به‌ته‌واوه‌تیش نیشته‌جێ ببن. هه‌ندێکیان نیمچه‌کۆچه‌ر بوون
نه‌ک کۆچه‌ریی ته‌واو، چونکه عه‌ره‌به‌کان کۆچه‌ری ته‌واو بوون. وه‌ک
ووتم کورده‌کان ته‌نها له شێوه‌ی نیمچه کۆچه‌ردا بوون،له‌وێدا ته‌نها
یاسین هاشمی که نه‌ته‌وه‌په‌رستێکی عه‌ره‌ب بوو، خودی خۆی له
بنچینه‌دا عه‌ره‌ب نییه که ڕایه‌ک هه‌یه کورد بووه، یان ڕایه‌کی تر
هه‌یه ده‌ڵێت باپیرانیان له ناوه‌ڕاستی ئاسیاوه هاتوون، له ڕاستیدا
خۆی عه‌ره‌ب نییه، به‌ڵام توند ڕه‌وێکی عه‌ره‌ب بووه، سوواری ئه‌و
شه‌پۆله بوو و هه‌ر ئه‌ویش عه‌ره‌به‌کانی هێنا و ئه‌و زه‌وی و
زارانه‌ی دابه‌ش کرد به‌سه‌ر هۆزه‌کانی عوبێد و جبوور و ئه‌وانی تر‌دا.
له سه‌رده‌می شێخی نه‌مردا هه‌موو سه‌رۆک هۆزه‌کانی عه‌ره‌بی ئه‌و
ناوچانه وه‌ک ئه‌وانه‌ی باسم کرد، زۆر لایه‌نگری شێخ مه‌حموود بوون،
پاش ئه‌وه‌ی که شێخ مه‌حمود له شه‌ڕی 1919 دا له شه‌ڕی
به‌رده‌قاره‌مان له ده‌ربه‌ندی بازیان شکا و به‌دیل گیرا، ئیتر دوور
خرایه‌وه بۆ هندستان، له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا که له کفرییه‌وه
گه‌ڕایه‌وه، یه‌کێ له‌وانه‌ی به گه‌رمی پێشوازیان له شێخی نه‌مر
کرد، سه‌ره‌ک هۆزه عه‌ره‌به‌کان بوو، شێخ‌یش له کاتێکدا حکومه‌ته‌که‌ی
دامه‌زران، لیژنه‌یه‌کی باڵای دامه‌زراندبوو، له‌و لیژنه‌یه‌دا
نوێنه‌ریی ئه‌و هۆزانه‌ی تێدا بووه. ئێمه ده‌توانین شانازیی
به‌وه‌وه بکه‌ین. ئێمه ده‌بێت شانازی به‌وه‌وه بکه‌ین، که کورد
به شێوه‌یه‌کی کراوه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کاندا کردووه و
به‌لوت به‌رزییه‌وه ڕه‌فتاری نه‌نوواندووه، ئه‌مانه‌ش ده‌بێت له
به‌رچاو بگرین. من ته‌نها ئه‌وه ئه‌هێنمه‌وه یاد: کاتێک سه‌رۆکی
دادگاییکردنه‌که‌ی شێخی نه‌مر هێرش ده‌کاته سه‌ری، ئه‌ویش یه‌کسه‌ر 14
به‌نده‌که‌ی سه‌رۆک ویڵسن له قۆڵیدا و له ژێر گوله به‌نده‌که‌ی
دێنێته ده‌ره‌وه و به فارسی پێ ی ده‌ڵێت: (پده‌ر سوخت من به‌م
به‌ندانه خه‌باتم کردووه له ڕێگای مافی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆم) هه‌ستی
کوردایه‌تی له‌لای شێخ ئاوابووه و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیش وا ده‌بێت
ئه‌گه‌ر شاعیر بێت هه‌ستی ناسکی شیعره‌کانی هه‌مووی ته‌عبیر له
نه‌ته‌وه‌که‌ی بکات،
به‌لای منه‌وه وایه.
پرسیار: به‌ڵام پێشتر عه‌ره‌ب نه‌هاتوونه‌ته کوردستان و له‌وێ
نیشته‌جێ نه‌بوون؟ ئه‌وه‌ی که هه‌یه سه‌ره‌تای داگیرکردن و
به‌عه‌ره‌بکردنی ناوچه کوردییه‌کانه؟
وه‌ڵام : من پێم ووتی که یه‌کێکی وه‌کو(یاسین هاشمی) ئه‌و کاره‌ی
کردووه، ئاخر له مێژوودا تۆ ده‌بێت به پێی کات و به پێی شوێن و به
پێی سه‌نگ حوکوم به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بده‌یت. مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ له
بیسته‌کاندا که له ساڵی 1933 دا کۆچی دووایی کرد و له‌و کاته‌دا ئه‌و
زۆر باش له کوردی ڕووانی بێت و قایل بووبێت له به‌یداخی عێراقدا دوو
ئه‌ستێره دابنێت و بڵێت ئه‌و دوو ئه‌ستێره‌یه پێناسه‌ی هه‌ردوو گه‌لی
گه‌وره‌ی عێراق (کورد و عه‌ره‌ب)ه که ئێستا ئاڵا بووه به
کێشه‌یه‌کی گه‌وره و قبووڵ ناکه‌ن ئه‌وه‌ی کورد ده‌یه‌وێت له‌و
ئاڵایه‌دا بێت، که هی سه‌رده‌می سه‌ددامه، به بێ ده‌ستکاریکردن
ماوه‌ته‌وه. ئێمه ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیر بێته‌وه، که مسته‌فا
که‌مالی ئه‌تاتورک چۆن ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ کورددا کردووه، ئه‌بێت ئه‌وه
بێنینه‌وه پێش چاوی خۆمان که حه‌مه ڕه‌زا شا و شاکانی په‌هله‌وی
له‌و کاته‌دا چۆن ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ گه‌لی کورددا کردووه. ئێمه
پێویسته هه‌موو ئه‌وانه بخه‌ینه ته‌رازوویه‌که‌وه و بیکێشین و
به‌ووردی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین، له‌و قوژبنه‌وه ئێمه حوکم
به‌سه‌ر مه‌لیک فه‌یسه‌ڵدا بده‌ین، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی که مه‌لیک
فه‌یسه‌ڵ ئه‌وسا کردوویه‌تی بیهێنیته‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک،
ئه‌مه چۆن ده‌گونجێت ئاخر ئه‌وه شتێکی کۆنه و بۆ ئێستا ده‌ست نادات،
به‌ڵام بۆ ڕۆژه‌کانی ڕابووردوو و ڕۆژگاری خۆی ئه‌وه هه‌نگاوێکی
گه‌وره بوو.
دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر: پاش ته‌واو بوونی هه‌ر چووار به‌رگی
کتێبه‌که‌م ،ئه‌وسا هه‌ست ده‌که‌م ئه‌و قه‌زه‌ی له‌سه‌ر شانمه
به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌م داومه‌ته‌وه.(به‌شی دووه‌م)
سازدانی: لوقمانی حاجی که‌ریم
پرسیار: بۆ به‌ڕێزتان له‌نامه‌ی دکتۆراکه‌تاندا هه‌وڵتان داوه
خیانه‌تکارێکی کورد بهێننه‌وه بۆ ڕیزی شۆڕشگێڕان؟ ئه‌ته‌وێت چی بڵێیت
له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌کانی ناسر حه‌فید؟
وه‌ڵام : من ئه‌وانه‌ی که نووسیومن هیچم به بێ به‌ڵگه
نه‌نووسیوه،نه‌ک هه‌ر به‌ڵگه ئینگلیزییه‌کان به‌تایبه‌ت بۆ
مه‌سه‌له‌ی (موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان)دوو جار چوومه‌ته چه‌مچه‌ماڵ و
له‌گه‌ڵ که‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌نددا کۆبوومه‌ته‌وه و هه‌ندێ به‌ڵگه‌شی
پێدام، من هه‌ر شتێکم نووسیبێت که ژیان مردنی تێدایه و تا ئه‌و
کاته‌ی که کۆچی دووایی تێدا ده‌که‌م بێجگه له خزمه‌ت کردنی گه‌لی
کورد هیچ شتێکی تر نامبزوێنێ،من به‌دووای خزمه‌ت کردنی ووشه‌ی
کوردی،مێژووی کورد،هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی چاکه‌ی کورده‌وه
بێت ده‌گه‌ڕێم،من عه‌وداڵی ئه‌و شتانه‌م،من هه‌رگیز ڕۆژێ له ڕۆژان
پێنووسه‌که‌م به‌کار نه‌هێناوه له باسێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌دا،من
هه‌میشه کوردایه‌تی له سه‌دا سه‌د له مێشکمدا بووه،ته‌نانه‌ت کاتێک
دێینه سه‌ر سه‌رمایه که هه‌ندێک که‌س له‌به‌رده‌م ئه‌م
مه‌سه‌له‌یه‌دا لاوازه،من ده‌ڵێم ماڵی کورد هه‌تیوه،هه‌موو که‌سێک
خیانه‌تی پێ بکات نابێت کورد خۆی بیکات،چونکه له‌بارێکی ناسکدا ئێمه
ئه‌ژیین، ئه‌وه ئه‌وانه‌ن بیروباوه‌ڕی من، جا (موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان)
ئامۆزای منه؟ یان مامی منه؟ چی په‌یوه‌ندییه‌ک به‌یه‌که‌وه
ده‌مانبه‌ستێته‌وه؟، به‌ڵام من سه‌یرم کرد ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و
دۆکۆمێنتانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن نیشانی ده‌ده‌ن که‌وا (موشیری حه‌مه‌ی
سڵێمان) تاوان بار نییه له‌و کۆسپه گه‌وره‌یه‌دا، یان له‌و کۆسپه
گه‌وره‌یه‌ی که‌وا له بزووتنه‌وه‌کانی شێخ مه‌حموود دا هاتووه،ئه‌بێ
ئه‌مه له‌سه‌ری بڕۆم.
پرسیار: ببووره دکتۆر که پێت ده‌بڕم، (ئه‌حمه‌د ته‌قی و ڕه‌فیق حیلمی
و ئه‌حمه‌د خوواجه) که‌من خۆم به‌دوواداچوونم کردووه هه‌موویان باسی
خیانه‌تی ئه‌م کابرایه ده‌که‌ن؟
وه‌ڵام :تۆ ده‌بێت ڕاوه‌ستیت بۆ ئه‌وه‌ی من وه‌ڵامت بده‌مه‌وه،به‌ڵێ
من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام که ڕه‌فیق حیلمی و ئه‌حمه‌د ته‌قی و ئه‌حمه‌د
خوواجه هه‌موویان مامۆستای گه‌وره‌ن و هه‌موویان پایه بڵندن له‌لای
که‌مال مه‌زهه‌ر،من زۆر شتیان لێوه فێر بووم،به‌ڵام هه‌موو که‌س
قابیلی ئه‌وه‌یه که بکه‌وێته هه‌ڵه‌وه،که‌مال مه‌زهه‌ریش قابیلی
ئه‌وه‌یه که بکه‌وێته هه‌ڵه‌وه،له‌وانه‌یه ڕۆژێ له ڕۆژان ئه‌وه
ئاشکرا بکرێت که که‌مال مه‌زهه‌ر له‌و بابه‌ته‌دا که‌وتۆته
هه‌ڵه‌وه، ئه‌وه چیی تێدایه؟، من هه‌ندێک جار چاو ده‌گێڕمه‌وه به
بۆچوونه‌کانی جارانمدا،به‌ڵام کاکه گیان مه‌سه‌له‌ی موشیری حه‌مه‌ی
سڵێمان هه‌ڵه‌که له شێخ مه‌حمووده‌وه‌یه،هه‌رچه‌ند له‌لای من شێخ
مه‌حموود زۆر زۆر گه‌وره‌یه و سه‌ره‌تای قسه‌کانیشم تۆ ئاگادار بوویت
که‌من چۆن به‌هه‌سته‌وه به‌رامبه‌ر به‌و زاته دووام،به‌ڵام ده‌بێت
ئه‌وه بزانین که شێخ له‌ده‌ربه‌ندی بازیاندا که‌وته هه‌ڵه‌یه‌کی
گه‌وره‌وه،چۆن ده‌بێت ئه‌و شه‌ڕی جه‌بهه‌یی له‌گه‌ڵ سوپایه‌کی
گه‌وره‌ی وه‌کو ئینگلیزدا بکات؟ که سوپای ئینگلیز دووه‌م سوپا بوو له
جیهاندا له‌و ڕۆژگاره‌دا،چۆن ده‌بێت شه‌ڕی جه‌بهه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا
بکات؟ هه‌ڵه‌که لێره‌وه‌یه له شێخ مه‌حمووده‌وه‌یه،ئه‌و که‌وته
ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه،پاشان ئه‌وه‌ی که ژێر ده‌که‌وێت به‌دووای پاکانه‌دا
ده‌گه‌ڕێت بۆ خۆی یان بۆ هه‌ڵه‌کانی،ئه‌و ده‌بوو شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری
بکات،ئه‌و کاته‌ی که شێخ مه‌حموودیش شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری ده‌کرد تووانی
زۆرێک له‌داخوازییه‌کانی گه‌لی کورد ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ئینگلیزه‌کان
و حکومه‌تی مه‌لیک فه‌یسه‌ڵدا،که‌چی ئه‌وه‌تا که ژێر که‌وت دێت و
به‌دووای بیانوویه‌کدا ده‌گه‌ڕێت که‌گووایه خیانه‌تی (موشیری حه‌مه‌ی
سڵێمان)ه ،جا من ئه‌ڵێم چی؟ ئه‌ڵێم ئه‌وه چ بزووتنه‌وه‌یه‌که،چ
حه‌ره‌که‌تێکه،که به خیانه‌تی تاقه کوردێک ئاوا بڕووخێ؟ چۆن
وائه‌بێت؟ ئه‌ڵێن جه‌نه‌راڵ فرێزه‌ر ڕێگه‌ی کوردستانی نه‌زانییوه،ئاخر
ئه‌مه که‌ی قسه‌یه که ئه‌وترێت؟ ئینگلیزه‌کان بست به بست پێش
جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌وه خاکی کوردستان شاره‌زا
بوون و ئه‌زانن،جه‌نه‌راڵ فره‌یزه‌ر پێویستی ی به‌وه بووه که(موشیری
حه‌مه‌ی سڵێمان)ڕێگای نیشان بدات تاکو له پشته‌وه له شێخ مه‌حموود
بدات؟ که‌ی ئه‌و چووه له پشته‌وه له شێخ مه‌حموود بدات؟هه‌ر که
فڕۆکه‌کان هاتن ئه‌وه بوو به‌رگه‌ی نه‌گرت و گه‌ڕایه‌وه تاسڵوجه،من
ئه‌ڵێم ئه‌و هه‌ڵانه‌ی که سه‌رۆکه‌کانیش کردوویانه ئه‌بێت ئێمه
ده‌ست نیشانیان بکه‌ین و که‌ڵکیان لێ وه‌ر بگرین،ئه‌گینه دیسان
دووپاتی ئه‌که‌مه‌وه که(موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان) به نیسبه‌ت منه‌وه
هه‌ر هیچ نییه،هه‌ر نایناسم،هه‌ر نازانم کێیه؟ وێڕای ئه‌وه دووکوڕی
حه‌مه‌ی سڵێمان پێشمه‌رگه‌ی زۆر زۆر دڵسۆزن له‌وه‌ته‌ی شۆڕشی ئه‌یلول
ده‌ستی پێ کردووه له کوردستانا،ئاخر ئه‌مانه‌ش ده‌بێت له‌به‌رچاو
بگرین،ئیتر ئه‌وه بابه‌ته‌که‌ی منه،ئه‌گه‌ر ده‌ست ده‌دات بۆ مێژوو
ئه‌واباشه،ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه گوێ ی مه‌ده‌نێ و بیخه‌نه ئه‌و لاوه.
پرسیار: تاکوێ جیاوازی ده‌که‌یت له‌نێوان دۆکۆمێنته ئینگلیزییه‌کان
سه‌باره‌ت به شۆڕشی شێخ مه‌حموود که تۆ پشتیان پێ ده‌به‌ستی و ئه‌و
دۆکۆمۆنتانه‌ی (که‌ی جی بی) که دکتۆر که‌مالی سه‌ید قادر به‌کاری
هێناون سه‌باره‌ت به بارزانی؟
وه‌ڵام: ئێمه له سه‌ره‌تای دانیشتنه‌که‌ماندا باسی به‌ڵگه نامه‌مان
کرد و ووتمان به‌ڵگه‌نامه زۆر بایه‌خی هه‌یه و من چه‌ند نموونه‌یه‌کم
بۆ هێنانه‌وه که به‌ڵگه نامه چه‌ند به‌نرخه؟ئه‌وه قه‌ناعه‌تی
ته‌واوی منه،به‌ڵام توێژه‌ر ده‌بێت خۆی ئاغای نووسینه‌که‌ی خۆی
بێت،ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو بایه‌خه‌دا تۆ نابێت
ببیت به‌کۆیله‌ی به‌ڵگه‌نامه،پێویسته به‌جۆرێک له‌گه‌ڵ
به‌ڵگه‌نامه‌دا ڕه‌فتار بکه‌یت که لێکی بده‌یته‌وه و هه‌ڵی سه‌نگێنی
ئینجا بێیت و به‌کاری بهێنی به‌و جۆره‌ی که خۆت شیی ده‌که‌یته‌وه و
که:ڵکی لێ وه‌رده‌گریت له‌سه‌ر ئه‌ساسی قه‌ناعه‌ت،با بڵێین ئێمه
به‌ڵگه‌نامه‌مان هه‌یه و زۆریش بایه‌خیان هه‌یه و دووکه‌س بهێنین که
که‌سێکیان فه‌ره‌نسی و که‌سێکی تریان ئینگلیز(لۆرانس ئینگلیز) و (غۆرۆ
فه‌ره‌نسی که‌له سووریا بووه که به‌داخه‌وه ڕه‌نگه ناوه‌که‌م لێ
تێک چوو بێت و بکه‌ومه هه‌ڵه‌وه به‌ڵام پێم وایه غۆرۆیه) بێین و
داووا له‌هه‌ردووکیان بکرێت که یه‌کێکیان ئینگلیز و ئه‌وی تریان
فه‌ره‌نسی،دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی جیاواز بنووسن ده‌رباره‌ی مه‌لیک
فه‌یسه‌ڵی یه‌که‌م،هه‌ردووکیان له‌خاڵه سه‌ره‌کییه‌کاندا یه‌ک
ده‌گرنه‌وه،چونکه مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ خاڵی ئیجابی و سه‌لبی هه‌یه و
ئه‌وانیش موته‌فیقن له‌سه‌ری،به‌ڵام بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ هه‌ستی
دوشمنایه‌تی ی غۆرۆ یان گۆرۆ به‌رامبه‌ر مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ نیشان ئه‌دات
چونکه مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ فه‌ره‌نسییه‌کانی له سووریا ده‌رکردله‌به‌ر
ئه‌وه فه‌ره‌نسییه‌کان ڕقیان لێیه‌تی،غۆرۆ و ئه‌وان
دوورخرانه‌وه،به‌ڵام لۆرانس وه‌کو برای مه‌لیک فه‌یسه‌ڵی یه‌که‌م
وابوو و هه‌تا له‌به‌ر خاتری مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ دینی عه‌ره‌بی له‌به‌ر
کردبوو و ناویان نابوو لۆرانسی عه‌ره‌ب،له‌به‌ر ئه‌وه له‌و دوو
به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا هه‌ست به جیاوازی ده‌که‌یت،که‌واتا نووسه‌ر ده‌بێت
ئاگای له‌خۆی بێت،ئه‌بێت ئاگای له به‌ڵگه‌نامه‌کان بێت و چ
به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک به‌کار ده‌هێنێت،ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه ته‌زویر
ده‌کرێت،ئێمه ئه‌بێت به‌ڵگه نامه‌که‌ی هیتله‌رمان بیر بێت.ئه‌وه‌ی
که هیتله‌ر په‌رله‌مانی سووتان و وویستی بیهێنێ به‌سه‌ر
کۆمۆنیسته‌کاندا،که‌چی له‌دووییدا ده‌رکه‌وت که خۆی ئه‌و پیلانه‌ی
داڕشتووه و ده‌ریش که‌وت که هه‌ر خۆی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی درووست
کردووه،جا به‌نیسبه‌ت مه‌لا مسته‌فای بارزانه‌وه من قه‌ت ناتوانم
قه‌ناعه‌ت بکه‌م که نه‌ک پیاوی ڕووس به‌ڵکو پیاوی هیچ لایه‌ک
بووبێ،مه‌لا مسته‌فای بارزان ئه‌گه‌ر خراپ بێت زۆر به باشی من
په‌لاماری مه‌لا مسته‌فای بارزانیش ئه‌یه‌م،هه‌ندێک شتی سه‌یرت بۆ
ده‌گێڕمه‌وه،مه‌لا مسته‌فه‌ی بارزان چه‌ند پڕوپاگه‌نده‌ی بۆکرا که
پیاوی ئیسرائیله،که‌واته ئه‌بێت دان به‌وه‌شدا بنێین که ئه‌و پیاوی
ئیسرائیل بووه.
پرسیار: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که بارزانی ده‌ڵێت(من له پێناوی
گه‌له‌که‌مدا ده‌ستی شه‌یتانیش ماچ ده‌که‌م)؟
وه‌ڵام : ئه‌مه یه‌کێکه له‌و شتانه‌ی که بۆ ئه‌و پیاوه
ده‌نووسرێت،به‌داخه‌وه من له‌وه‌ش زیاتر ئه‌ڕۆم و ئه‌ڵێم خۆزگه پیاوی
ئیسرائیل
بووایه،خۆ ئه‌گه‌ر پیاوی ئیسرائیل بووایه قه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر
نه‌ئه‌هات،به‌ڵام ئه‌و قه‌ناعه‌تی وابوو و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی
بارزانییه‌کان باوه‌ڕیان وابوو که له‌ڕێگه‌ی (سوڵتان
عه‌بدولحه‌میده‌وه) شتێک بۆ کوردبکه‌ن، به‌ڵام بۆیان نه‌کرا و له
دوواییدا شێخ عه‌بدولسه‌لام و ئه‌وان وایان بیر کرده‌وه که‌وا
له‌وانه‌یه له‌ڕێگای ئیتیحادیه‌کانه‌وه بتوانێت وه‌ک ئیتیحادی
ته‌ره‌قی،که‌چی ئیتیحادی ته‌ره‌قیش شێخ عه‌بدولسالامی کوشت له ساڵی
1909 له موسڵ،دووای ئه‌وه هاتنه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که له
ڕێگای ئینگلیزه‌وه ئه‌توانن شتێک بۆ کورد بکه‌ن،دیسان بۆیان
نه‌کرا،ئه‌مه نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئینگلیز نایه‌وێت بیکات،کاکه
ئه‌مه سیاسه‌ته،سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی گه‌وره بیر له ئاره‌زووی
میلله‌تانی تر ناکاته‌وه بیر له مه‌سڵاحه‌تی خۆی
ئه‌کاته‌وه،مه‌سڵاحه‌تی ئه‌و له‌و کاته‌دا ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ی
نه‌ئه‌کرد که دوشمانایه‌تی سێ میلله‌ت بۆ خۆی درووست بکات،عه‌ره‌ب و
تورک و عه‌جه‌م،ئینگلیز موسته‌عید نه‌بوو له‌به‌ر خاتری کورد ئه‌وه
بکات نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کوردی خۆش نه‌ده‌ویست به‌ڵکو کوردیان
خۆش ده‌ویست خۆ ئه‌گه‌ر یه‌ک به‌یه‌ک پرسیاریان لێ بکه‌یت ئه‌وا دڵنیا
ده‌بین که کوردیان خۆش وویستووه،پاش ئه‌وه‌ی که مه‌لا مسته‌فا هیچ
ده‌رفه‌تێکی بۆ نه‌مایه‌وه و ڕای کرد بۆ مهاباد و له‌وێوه ڕێگه‌یان
دا‌و پاشان په‌ڕییه‌وه بۆ ووڵاتی سۆڤێت و په‌نای برده به‌ر ووڵاتی
سۆڤێت،وای چاوه‌ڕوان ده‌کرد که له ڕێگای سۆڤێته‌وه مه‌سه‌له‌ی کورد
چاره‌سه‌ر بکات.
پرسیار ئه‌کرێت لێره به‌ڕێزتان بووه‌ستیت؟
وه‌ڵام به‌ڵێ.
پرسیار: له‌کوێ بارزانی ڕوتبه‌ی جه‌نه‌راڵی وه‌ر گرت؟ هیچ
په‌یوه‌ندییه‌کی به سۆڤێته‌وه هه‌یه؟
وه‌ڵام :نه‌خێر په‌یوه‌ندی به‌سۆڤێته‌وه نییه ئه‌و ڕوتبه‌ی
جه‌نه‌راڵی ی له کۆماری مهاباد وه‌رگرتووه،ئه‌و شانازی به‌وه‌وه
ئه‌کرد که ئه‌ی ووت من سه‌ربازێک ده‌بم له کۆماری مهاباد دا و
ڕوتبه‌ی جه‌نه‌راڵیان داپێ ی و پێویستیشیان به‌وه بوو،ئێوه سه‌د ده‌ر
سه‌د له‌و کاته‌دا له‌دایک نه‌بووبوون و ئه‌و ڕه‌سمه‌ی که بارزانی به
وێنه‌ی جه‌نه‌راڵی یه‌وه گرتبووی له کوردستاندا به‌دزییه‌وه
ده‌یانفرۆشت و پاره‌یان پێ کۆده‌کرده‌وه بۆ پارتی دیموکراتی
کوردستان،به‌واتای هێنده له‌لای کورد پیرۆز بوو،ئه‌گینا ئه‌و ئه‌وه‌ی
به خه‌یاڵدا نه‌هاتووه،پاشان سۆڤێتییه‌کان به‌پێ ی به‌ڵگه‌نامه
به‌پێ ی ئاگاداری خۆم چونکه له‌وێ دیده‌نیم کردووه له‌گه‌ڵ زۆر
که‌سدا و له‌گه‌ڵ کورده‌کانی ئێران که‌له‌وێ بوون و په‌نابه‌ر بوون له
ووڵاتی سۆڤێت،که ئه‌په‌ڕێته‌وه ئه‌و پیاوانه دوواکه‌س بوو
په‌ڕییه‌وه خۆ ئه‌مه کابرایه‌کی ئێرانی نوسیوێتی،که ئه‌په‌ڕێته‌وه
گومانی لێ ده‌که‌ن و ئه‌یخه‌نه ژێر چاودێرییه‌وه چونکه زه‌مانی
ستالین بوو و گومانیان له هه‌موو که‌سێک ده‌کرد،ستار ئه‌لحه‌دیدی
بوو(شورای پۆڵایی) تاکو ستالین مرد هه‌ر به‌هان شێوه ڕه‌فتاریان
له‌گه‌ڵدا کردووه،ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ (باگیرۆف) ئه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان
زۆر زۆر ڕقیان لێ ی ده‌بۆوه له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فادا،خۆی که هاته‌وه
هه‌رگیز باسی ئه‌و شتانه‌ی نه‌ده‌کرد،من که‌چووم بۆ ووڵاتی شووره‌وی
ئه‌و شتانه‌م زانی،ئه‌ی ئافه‌رین که باسی ئه‌و شتانه‌ی نه‌کرد خۆ
ئه‌گه‌ر باسی بکردایه هه‌موو میلله‌تی کورد ڕقیان له سۆڤێت
هه‌ڵئه‌ستا،ئه‌و کاتێک له سۆڤێت بوو سوکایه‌تیان پێ ده‌کرد ته‌نانه‌ت
ناردوویانه بۆ کۆڵخۆز و قه‌سابییان پێ کردووه و پیاوه‌کانی خۆی
قبوڵیان نه‌کردووه و خستوویانه‌ته سه‌ر ته‌وقی سه‌ریان و خۆیان چوون
له‌بری ئه‌و ئیشیان کردووه،هه‌تا خرۆشۆف دێت و پاش ئه‌وه‌ی شۆڕشی 14ی
گه‌لاوێژ ڕووی دا ئینجا ئاوڕیان له مه‌لامسته‌فا دایه‌وه و بایه‌خیان
پێ ی‌دا و به بایه‌خیشه‌وه گه‌ڕایه‌وه،پاش ئه‌وه ئه‌گه‌ر مه‌لا
مسته‌فا پیاوی(که‌ی جی بی)بێت بۆ ئه‌بێت بێته‌وه و کێشه بۆ
عه‌بدولکه‌ریم قاسم درووست بکات به هاندانی ئه‌وان،به پێچه‌وانه‌وه
خواخوایان بوو به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت کورده‌کان له‌گه‌ڵ عه‌بدولکه‌ریم
قاسمدا ڕێک بکه‌ون چونکه کۆمۆنیسته‌کان زۆر به‌گه‌رمی پاڵپشتی
عه‌بدولکه‌ریم قاسمیان ئه‌کرد،له‌به‌ر ئه‌وه من ناتوانم قه‌ناعه‌ت
به‌وه بکه‌م که ئه‌و شتانه وایه.
دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر: من به سه‌ددامم ووت (شاری که‌رکوک هه‌میشه
کوردستان بووه، ئه‌وه ناهێنێ که له‌سه‌ر ئه‌و شاره گه‌لی کورد
بدۆڕێنی).(به‌شی کۆتایی)
سازدانی: لوقمانی حاجی که‌ریم
پرسیار: به‌ڕێزتان له‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسێن‌دا ده‌ترسایت؟
وه‌ڵام : به‌ڵێ بێگومان من ده‌ترسام، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌مدا تووشی
دڵه‌ڕاوکێ ببووین و ما‌ته‌مینی ته‌واو باڵی کێشابوو به‌سه‌رماندا و لێم
ده‌پاڕایه‌وه و ده‌یووت تکات لێ ده‌که‌م قسه مه‌که، منیش بڕیارم نه
دابوو که چووم هیچ بڵێم یان نه‌ڵێم و هه‌وڵ بده‌م بزانم له
دانیشتنه‌که‌دا چی ده‌بێت و پاشان بڕیاری ئێجگاری بده‌م، چووین بۆ
ئه‌وێ، جا با بۆت بگێڕمه‌وه چوونه‌که‌مان چۆن بوو، ئێمه چووینه (باب
الشه‌رجی) و له‌وێ بردیانین بۆ جێگه‌یه‌ک که سکرتاریه‌ت و ئه‌وانه
بوون که ته‌نزیمی دیده‌نییه‌کانی سه‌ددام حسه‌ینیان ده‌کرد، له‌وێ
بڕوا بکه هه‌موومان ڕووت و قوت کراوینه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت سه‌یری
ته‌قه‌ڵه‌کانیان کردم جا من نه‌شته‌رگه‌ریی فتقم بۆ کراوه، لێیان
پرسیم ئه‌وه چییه؟ ووتم ئه‌وه نه‌شته‌رگه‌رییه. ووتی کام لا؟ بڕوا
بکه هێنده شڵه‌ژام که نه‌مزانی کام لایه‌مه تاکو سه‌یرم کرد و ووتم
لای ڕاستمه، تومه‌س ئه‌وه ترسابوون که نه‌بادا من مادده‌ی
ته‌قینه‌وه‌م له‌وێدا شاردبێته‌وه یان موسه‌جله‌م شاردبێته‌وه،
ته‌نانه‌ت کچێکمان له‌گه‌ڵدا بوو ئه‌ویشیان وه‌کو ئێمه له جێگایه‌کی
تایبه‌ت به ئافره‌تاندا پشکنی، جا سه‌ددام هه‌میشه شته‌کانی خۆی
گه‌وره ده‌کرد، ئێمه ده‌بوایه یانزه‌ی شه‌و به‌یه‌که‌وه کۆ
بووینایه‌ته‌وه، هه‌تا به‌ره‌به‌یان، جا شه‌وی یه‌که‌م که ده‌بووایه
له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا کۆببووایه‌ته‌وه، که‌چی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌په‌له‌ی
کردبوو له‌گه‌ڵ سه‌فیرێکی فه‌ره‌نسیدا و ئه‌وه‌ی ئێمه‌یان دوواخست بۆ
شه‌وی ئاینده، ئینجا وه‌ره سه‌رله نوێ ئه‌و وه‌زعه ناله‌باره
ببینه‌وه، بۆ سبه‌ی شه‌و هه‌ر هه‌مان شتمان له‌گه‌ڵدا کرایه‌وه،
ئێمه دیده‌نییه‌که‌مان وه‌ک ووتم 11 ی شه‌و بوو، به‌ڵام له
نیوه‌ڕۆوه ئاماده‌بووین ئه‌ویش به‌پێ ی ته‌علیماتی ئه‌وان، باوه‌ڕ
بکه خێزانه‌که‌م ئه‌و ڕۆژه و هه‌تاوه‌کو گه‌یشتمه ماڵه‌وه هه‌ر
نوێژی کردبوو و ئایه‌ته‌لکورسی خوێندبوو، که هیچم به‌سه‌ر نه‌یه‌ت،
کاتژمێر بوو به یانزه‌ی شه‌و سه‌ددام حسێن هات، دیار بوو ئه‌وان
ته‌رتیبیان کردبوو، منیان له‌لای ده‌ستی ڕاستی سه‌ددام دانا، سه‌فیرێکی
عێراق هه‌بوو له چین که دکتۆرای هه‌بوو له مێژووی کۆندا و پله‌ی
حیزبیی به‌رز بوو، ئه‌ندامی شوعبه بوو، که‌چی ئه‌ویان له‌لای
چه‌پییه‌وه دانابوو به‌واتای شوێنێکی بایه‌خدارتریان بۆ من دانابوو،
له‌ده‌ستی ڕاستی منه‌و،ه دکتۆر مه‌ناف شوکورنداوی، بوو که ئه‌ویش
به‌عسییه‌کی گه‌وره‌بوو، به‌ڵام کوڕێکی زۆر باش بوو،
به وه‌فا بوو بۆ من، که دانیشتین ئیبراهیم خه‌لیل هه‌یه ئه‌وه‌ی
مامۆستایه له زانکۆی موسڵ، خۆی موسڵاوییه و وه‌ختی خۆی کۆمۆنیست
بووه، به‌ڵام ئیتر له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌یاره‌دا ڕۆیی بوو و ئه‌و شه‌پۆله
کاری تێ کردبوو، به‌ڵام زانایه، ئه‌و یه‌که‌م که‌س بوو که قسه‌ی کرد،
قسه‌کانی ئه‌و هه‌مووی هێرش بوو بۆ سه‌ر ئێران و ئه‌وانه‌ی که له‌گه‌ڵ
شه‌پۆله‌که‌دا نین، دوای ئه‌و باڵوێزه‌که‌ی که له‌چین بوو قسه‌ی کرد و
هه‌ر خۆیشی داوای قسه‌کردنی کرد، به‌هه‌مان شێوه ئه‌ویش هه‌روای
پێناسه بۆ شته‌کان کرد، ئیتر من هه‌ر بێده‌نگ ببووم، کاتێکم زانی
سه‌ددام حسێن خۆی داوای لێ کردم و ووتی(دکتۆر ئه‌مه‌وێت ڕای تۆ بزانم)
ئیتر بڕاوا بکه من زۆر به زه‌حمه‌ت خۆمم پێ گیر ببوو، ئێستا
به‌ڵگه‌یه‌کیشت بۆ ده‌هێنمه‌وه، دیاره له دانیشتنێکی ئاوادا که
ته‌واویان خه‌ڵکانی مێژوو نووس و زانان، من ناتوانم پشتیان له زه‌وی
بده‌م بۆیه ووتم (سه‌رۆک من ڕێزم هه‌یه بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که له
پێش مندا قسه‌یان کرد، به‌ڵام جه‌نابی سه‌رۆک من ناتوانم له‌گه‌ڵ
بۆچوونه‌کانی ئه‌واندا ڕێک بکه‌وم، چونکه جیاوازیمان هه‌یه،
پێغه‌مبه‌ری خواش ده‌فه‌رموێ که ئیختیلاف ڕه‌حمه‌ته) ئیتر که من
ده‌ستم کرد به قسه کردن دنیام به چاوی خۆم نه‌ده‌دی و سه‌راحه‌ت
ڕاکانی خۆم ووت، پاش ته‌واو کردنی قسه‌کانم زۆر به‌ئه‌ده‌به‌وه ووتی:
(دکتور اعتژر لا اگدر اتفق ویاک)، جا سه‌یره‌که
لێره‌دابوو که سه‌ددام حسێن و به‌و شێوه‌یه ته‌عامول بکات به‌ڕاستی
سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو! چونکه ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌و به‌و شێوه‌یه ئاسان
نییه، ئیتر که قسه‌کانمان کرد هه‌ستم ده‌کرد که سه‌ددام حسێن
گوێگرێکی زۆر چاکه و دکتۆر مانافیش پێ ی ووتم کاتێ که تۆ قسه‌ت
ده‌کرد ده‌ستی خستبووه بن چه‌ناگه‌ی و چاوی تێ بڕیبوویت و به‌ته‌واوی
گوێی لێ گرتبوویت و ده‌یخوێنییته‌وه، تا من قسه‌کانم ته‌واو کرد
به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قسه‌ی پێ نه‌بڕیم، من به‌ته‌واویی به دڵی خۆم قسه‌م
کرد و ئه‌ویش ته‌نها ئه‌و دێڕه‌ی ووت، سه‌ددام حسێن ووتی: (من دانیشتنی
ئه‌م شه‌وم زۆر زۆر پێ خۆش بوو، به‌ڵام باوه‌ڕ بکه‌ن کۆبوونه‌وه‌یه‌کی
زۆر گرنگم هه‌یه، بۆیه ناتوانم که بۆ نان خواردن له‌گه‌ڵتان
بمێنمه‌وه، به‌ڵام دوو داواکاریم هه‌یه لێتان یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه
که ده‌مه‌وێت وێنه‌یه‌کتان له‌گه‌ڵدا بگرم و دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه
که له دوای نان خواردن کاغه‌زێکتان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌که‌ن، چی
داواکارییه‌کتان هه‌یه بینووسن و منیش به پێی توانا هه‌وڵ ئه‌ده‌م
بۆتانی جێ به‌جێ بکه‌م)، جا که چووین ڕه‌سم بگرین له ناو
هه‌موویاندا ده‌ستی منی گرت و یه‌که‌م ڕه‌سمی له‌گه‌ڵ مندا گرت و پاشان
له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، جا ئه‌وان هه‌موو ئه‌و وێنه‌یه‌یان گه‌وره کردبۆوه
و له ماڵه‌کانیاندا هه‌ڵیان واسی بوو، که‌چی منیش ئه‌و وێنه‌یه‌م برد
و وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک له‌ناو کتێبخانه‌که‌مدا شاردمه‌وه و به‌هیچ
جۆرێک ده‌رم نه‌هێنا ،دووای ئه‌وه‌ی که سه‌ددام حسێن ڕوخا، ئینجا
ده‌رم هێنا و هه‌ڵم واسی و ئێستاش له کتێبخانه‌که‌مدا هه‌ڵواسراوه،
چونکه ئه‌وه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی مێژووییه، جا پاش ئه‌وه‌ی که
کاغه‌زه‌که‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش کردین، بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌ر که‌سێک
داخوازییه‌که‌ی بنووسێت، یه‌کێ له‌وانه که زۆریشم خۆش ده‌وێت نووسی
بووی (کوڕه‌که‌م سه‌ربازیشی ته‌واو کردووه، که‌چی ته‌سریحی ناکه‌ن،
تکا ده‌که‌م ئه‌مر بفه‌رمووی که ته‌سریحی بکه‌ن) من له دڵی خۆمدا پێم
ووت هه‌ی قوڕم ساخ به 150000 دیناری ئه‌و کاته ته‌سریح ده‌کرا و
هه‌موو شتێک له عێراقدا به ڕه‌شوه بوو، ئیتر بۆچی داواکارییه‌کی به
جێ ناکه‌یت، به‌ڵام من نووسیم (گه‌لی کورد هێزێکی نیشتیمانپه‌روه‌ری
خاوێنی دڵسۆزن و سه‌رۆکه‌کانی کورد خه‌بات ده‌که‌ن له پێناوی مافی
ڕه‌وای خۆیاندا، شاری که‌رکوک هه‌میشه کوردستان بووه، بۆیه ئه‌وه
ناهێنێت که تۆ له‌سه‌ر شاری که‌رکوک گه‌لێکی وه‌کو گه‌لی کورد
بدۆڕێنی، من ئه‌زانم که‌وا ڕه‌هبه‌رانی کورد ئاماده‌ن که تۆ چاو
له‌و مه‌سه‌له‌یه بپۆشیت و که‌رکوک ببه‌خشی به کوردستان و حوکمێکی
زاتی ڕێک و پێکیان بده‌یتێ، (چونکه ئه‌و کاته هه‌ر باس له حوکمی
زاتی ده‌کرا) من
له‌و باوه‌ڕه‌دام که ئاو بکرێت به‌و ئاگره‌دا و جێ پێی ڕژێمه‌که‌ی تۆ
خۆشتر ده‌بێت، منیش پێشنیار ده‌که‌م که کۆنگره‌یه‌کی وه‌کو ئه‌م
کۆنگره‌یه ببه‌ستیت له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک له کورده‌کانی به‌غداد که
خاوێنن وه‌کو (خه‌سره و تۆفیق و مامۆستا ئیحسان شێرزاد و حه‌سیب ساڵح
و فوئاد عارف و ناوی یه‌کێکی تریش بوو بیرم نه‌ماوه، من ئه‌م
پێشنیاره ده‌که‌م که له‌گه‌ڵ ئه‌واندا کۆ ببیته‌وه و ئینجا
په‌یوه‌ندی بکه‌یت به سه‌رکردایه‌تی کورده‌وه)، له ڕاستیدا ئه‌و
ئه‌مه‌ی په‌سه‌ند کردبوو و ده‌ستی پێ کرد، چونکه وه‌زیری ته‌علیمی
عالی دراوسێی ماڵی مامۆستا ئیحسان شێرزاد بوو و چووبوو بۆ لای و ئه‌ویش
ئیحتیرامی مامۆستا ئیحسانی زۆر ده‌گرت، پێی ووت بوو که سه‌رۆک نیازی
کۆبوونه‌وه‌یه‌کی وای هه‌یه و له ئێستاوه پێت ڕاده‌گه‌یه‌نم که خۆت
ئاماده بکه‌یت، به‌ڵام دووایی وازی لێ هێنا، ئه‌و شتانه‌ش که من
نوسیبووم بۆ سه‌ددام حسێن له کاغه‌زی داواکارییه‌که‌دا هه‌مان ئه‌و
قسه و ئه‌فکارانه بوو که پێم ووتبوو له دانیشتنه‌که‌ماندا.
پرسیار:به‌ڕێزتان ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ له به‌غداد بوون له‌و
ماوه‌یه‌دا چ خزمه‌تێکی گه‌لی کوردت کردووه؟
وه‌ڵام : من له ساڵی 1958 ه‌وه ده‌نوسم و خزمه‌ت ده‌که‌م، یه‌کێ له‌و
نوسینانه‌ی که جێگه‌ی شانازی منه له ساڵی 1959 دا بڵاوم کردۆته‌وه
زنجیره‌یه‌ک ووتاره که له شه‌ش به‌ش پێک هاتووه به ده‌رباره‌ی
که‌رکوک نیشانم داوه که‌رکوک شارێکی کوردستانییه، ئاخر ئه‌و
سه‌رده‌مه من هێشتا شاگردی زانکۆ بووم و زانکۆم ته‌واو نه‌کردبوو و
له ڕۆژنامه‌ی(الاهالیه) بڵاوم کرده‌وه و گه‌لێ ووتاری ترم له ژین و
له بڵێسه دا بڵاو کردۆته‌وه، هه‌ر که چوومه سۆڤێت توانیم ئیتر
ڕووسی فێر بم
و له ساڵی 1962 ه‌وه ده‌ستم کرد به ووتار نوسین و له 97% ی
ده‌رباره‌ی کورد بووه، یه‌که‌م کتێبم له ساڵی 1967 دا
بریتییه له نامه‌ی دکتۆرای یه‌که‌مم بڵاو کرده‌وه هه‌رچه‌نده من
له ساڵی 1963 دا بڕوانامه‌که‌م وه‌ر گرت، شانازی به‌وه‌شه‌وه ده‌که‌م
که زۆر به‌رز نرخێنرا، ئیتر دووای ئه‌وه و هه‌تاکو دکتۆرای دووه‌مم
وه‌رگرت و له‌ساڵی 1970
گه‌ڕامه‌وه بۆ
ووڵات و بۆ به‌غداد من هه‌ر به‌رده‌وام بووم له بڵاو کردنه‌وه‌ی
کتێبه‌کانمدا و به‌شداریم کردووه له دانانی سێ تا چووار کتێب‌دا و
هه‌ر
گه‌ڕامه‌وه دووای به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار یه‌که‌م ووتارم
بڵاو کرایه‌وه له پاش 10 ڕۆژ له ڕۆژنامه‌ی ته‌ئاخیدا، ئیتر له‌و
کاته‌وه ده‌ستم کردووه به بڵاوکردنه‌وه، زۆرم بابه‌تم بڵاو
کردۆته‌وه خۆزگه بمتونیایه له‌وه زیاترم بڵاو بکردایه‌ته‌وه،
ته‌نانه‌ت نه‌خۆشییه‌که‌م هه‌ر هی ئه‌وه یه تۆ خۆت ده‌زانیت نووسه‌ر،
شاعیر و هونه‌رمه‌ند له کاره‌که‌یدا خۆی له‌بیر ده‌چێته‌وه من هه‌موو
جارێک پێش ئه‌وه‌ی که بانگ بدات له‌سه‌ر ئه‌و مێزه ده‌ستم کردووه
به نووسین و خوێندنه‌وه، بێگومان هه‌میشه من پشتم ئاوا
نوشتابێته‌وه حه‌تمه‌ن تووشی ئینزیلاقی فه‌قه‌رات ده‌بم، جا ئه‌وه‌ش
هی ئه‌وه‌یه، که من به‌پێ ی توانا هه‌وڵم داوه و به‌رهه‌مه‌کانم
زۆرن، هه‌ندێکیان وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانه‌کانی بێگانه و
له‌وانه ئینگلیزی و تورکی و فارسی و فه‌ره‌نسی، ته‌نانه‌ت زۆر شانازی
به دوابه‌رهه‌می خۆمه‌وه ده‌که‌م که له ساڵی 1981 ه‌وه من خه‌ریکی
ئه‌و کتێبه‌ی که‌رکوکم به‌دزییه‌وه و هاوسه‌رم هاوکاری زۆر ده‌کردم،
ئه‌و شتانه‌ی که پێویستم بوو هه‌موویمان شاردبووه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی
ئه‌م ویست کتێبه‌که بڵاوبێته‌وه هه‌ردوو سه‌رکرده‌ی کورد به‌ڕێز
مام جه‌ڵال و به‌ڕێز که‌ک مه‌سعودم ئه‌گادار کردبووه‌وه که من به
کارێکی له‌و شێوه‌وه خه‌ریکم له سه‌ر که‌رکوک، وه‌ڵامی مام جه‌لالم
پێ گه‌یشتبووه‌وه که 18ی مارتی 1992 ه‌و نامه‌یه‌کی چوار لاپه‌ڕه‌یی
گه‌وره‌یه، جا له‌وێدا ئه‌و دڵی زۆر خۆشه به کتێبه‌که‌ی من و ئه‌ڵێ
دووای ئه‌وه که کتێبه‌که‌ت ته‌واو ده‌بێت ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین
ته‌رجومه‌ی بکه‌ین بۆ هه‌موو زمانه زیندووه‌کانی جیهان، من ئه‌و
کتێبه‌م به عه‌ره‌بی نووسیوه، به‌رگی یه‌که‌می که بڵاو بۆوه ئه‌وان
ده‌ستیان کرد به چاپ کردنی و بڕیار وابوو بنووسرێت لیجنه‌یه‌ک ئه‌م
کتێبه‌ی ده‌رکردووه، به‌ڵام وا ڕێکه‌وت که ڕژێم ڕووخا ئیتر برای
خۆشه‌ویست مسته‌فا ساڵح که‌ریم سه‌رپه‌رشتی چاپه‌که‌ی ده‌کرد ئیدی
ڕژێمیش ڕووخا من ناوی خۆم خرایه سه‌ر کتێبه‌که، ئه‌و کتێبه‌م زۆر
شانازی پێوه ده‌که‌م،
چونکه له ڕۆژگارێکی سه‌ختدا نووسیومه و له کتێبه‌که‌شدا
گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ مێژوویه‌کی زۆر کۆن و دێرین، مێژووی نوێ و
هاوچه‌رخیش مه‌یدانی منه، من گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ مێژووی هه‌ره دێرینی
کورد و ناوچه‌که و کارێکی ئاسانیش نییه، وێڕای ئه‌وه کتێبه‌که هه‌ر
یه‌کسه‌ر کرا به ئینگلیزی و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی کردوویه‌تی
به ئینگلیزی و کاکه موفید پێ ی ووتم
وه‌رگێڕانێکی زۆر پوخت و جوان و باشه، جا ئه‌و خۆی موته‌رجیم بوو له
نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و مامۆستا بوو له یه‌کێ له‌و قوتابخانانه‌ی
که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌یبرد به‌ڕێوه و کوردێکی زۆر دڵسۆزه
و به دڵ کردبووی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌بێ ئه‌ندازه دڵخۆشی کردم ئه‌وه
بوو که تورکه‌کان به‌بێ ئیجازه‌ی من وه‌ریان گێڕابووه سه‌ر زمانی
تورکی له ڕێگای کاک حه‌میده‌وه ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی به‌درخان
ده‌رده‌کات زانیم و ئه‌و چوار نه‌سخه‌ی بۆ هێنام و ئێستاش وا ده‌کرێت
به کوردی جا ئه‌و کتێبه یه‌ک به‌رگ نییه، من له‌سه‌ر به‌رگی دووه‌م
کارم ده‌کرد که نه‌خۆش که‌وتم وبه‌رگی دووه‌میشی هه‌ر له‌سه‌ر
که‌رکوکه و به‌رگی سێ یه‌میشی له‌سه‌ر خانه‌قینه و به‌رگی
چوواره‌میشی له‌سه‌ر شنگاره له‌سه‌ر یه‌زیدییه‌کانه، جا ئه‌وه چوار
به‌رگه و زۆریش خه‌و به‌وه‌وه ئه‌بینم که ئه‌و کتێبه‌م هه‌ر چووار
به‌رگه‌که‌ی به‌چاپ بگه‌یه‌نرێت و ته‌واویان بکه‌م، چونکه له‌و
کاته‌دا ده‌توانم بڵێم
قه‌رزی خۆم دایه‌وه، هیچ منه‌تێکی تێدا نییه هه‌ر خزمه‌تێکی
میلله‌ته‌که‌مان بکه‌ین و هه‌موومان قه‌رزاری نیشتیمان و میلله‌ته‌که‌ی
خۆمانین، ئه‌گه‌ر من ئه‌و چوار به‌رگه ته‌واو بکه‌م ئه‌توانم
به ئاسووده‌ییه‌وه به دڵنیاییه‌وه بڵێم قه‌رزی
نه‌ته‌وه و نیشتمانم دایه‌وه.
زۆر سوپاس دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر که
سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشییه‌که‌ت ئاماده بوویت ئه‌م چاوپێکه‌وتنه مێژووییه‌ت
له‌گه‌ڵدا ساز بده‌م و هیوای چاکبوونه‌وه‌ت بۆ ده‌خوازم.
|